دیتن/دیمانە

شارەزایەك: وەرزشى دەروونى یارمەتی باشبوونی دۆخی دەروونیی مرۆڤ دەدات

03/07/2010 12:36
 



دیمانە: مەعرووف مەجید.

كەركووك 3 تەمووز/یۆلیۆ (ئاكانیوز)- پسپپۆرێكی بواری وەرزشی دەروونی كە خەڵكی كوردستانە و لە سوێد بڕوانامەی لەو بوارەدا وەرگرتووە، پێی وایە كورد لەبەرئەوەی كێشەی دابەشبوون و شەڕ و چەوساندنەوەیەكی زۆری بینیوە لە مێژوودا، بۆیە پێویستییەكی زۆری بە وەرزشی دەروونی هەیە كە یارمەتی دەدات بۆ باشبوونی دۆخی دەروونی.
Waziri Daruny
وەرزشى دەروونى بۆ یەكەمینجار لە زانكۆى جیهانى لە سوێد لەلایەن دكتۆر لاش ئیریك بە ناوى خوێندنى باڵای سكەندناڤیای نێودەوڵەتى دامەزرا و لە ساڵى 1981 ەوە تا ئێستە خوێندن لە بوارەكانى سترێس، مێدیتاشون، خاوبونەوەى دەروونى، خەواندنى موگناتیسى و هیپنۆس كە لە هیچ كامیاندا دەرمان بەكارنایەت بەردەوامە.

عەبدوڵا تۆفیق، كە دبلۆمی لە بوارەكانی ئانجامدان و خاوبوونەوەی لەش و دەروون هەیە و لە سوێد ماستەرنامەی لەسەر وەرزشی دەروونی وەرگرتووە لە زانكۆی سكەندناڤیای نێودەوڵەتی، لە دیمانەیەكی لەگەڵ پەیامنێری ئاژانسی كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز)دا تیشك دەخاتە سەر مێژووی وەرزشی دەروونی و سوودەكانی ئەو وەرزشە.

پرسیار: مێژووى سەرهەڵدانى وەرزشی دەروونی بۆ كەى دەگەڕێتەوە و لە چ وڵاتێكدا بۆ یەكەمین جار پێڕەو كرا؟

وەڵام :وەرزشە دەروونیییەكان دوو مێژوویان هەیە، یەكێكیان دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ پێش ئێستە و ئەوی تریشیان كە شێوە زانستییەكەیەتی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 1980 بەدواوە.

لە دێر زەمانەوە مرۆڤ وێڵ بووە بە دوای دۆزینەوەی مانایەكدا بۆ ژیان، بۆیە ئاینەكانى وەك هند و بودیسماكان كە لە سەرەتاییترین ئاینەكانن، لەو ئاینانەدا وەرزشی دەروونی هەیە لە شێوەى "مێدیتاشوندا"، واتە رامان كە هێمنى دەروونییە و بیركردنەوەیە لە هەناسەدان و دواتریش بۆ تەندرووستى دەروونیى خودناسین ئەم كارانەیان كردووە، ئەم جۆرە ئارامبوونەوە دەروونییە لە هەموو ئاینە گەورەكانى ترى وەك یەهودى، مەسیحى و ئیسلامدا زۆر بەرچاوە و گرینگى خۆى پێ دراوە لە شێوازەكانى دانیشتن و بێدەنگى و نوێژكردن و تەسبیحات و چەندجار وتنەوەى ناوى خوادا.

جیا لەمە زۆربەى فەیلەسوف و زاناكانى دنیا و سەردەمە جیاجیاكان جۆرێك لەم وەرزشەیان كردووە، زۆربەى بیرۆكە باشەكانى دنیا لە رێگەى پلاندانان و بیركردنەوەى باشەوە بووە كە لەكاتى خاوبونەوەى قوڵى دەروونیدا سەرهەڵدەدات.

پرسیار: بە كورتى ئەو جۆرە وەرزشە بناسێنە؟

وەڵام : وەرزشى دەروونى واتە وەرزشكردنە بەبەشە نەبینراوەكەى مرۆڤ كە بەهۆى بیركردنەوە و وێنەى خەیاڵ و هەستەوەیە، راهێنانى دەروونى بۆ دەروون بەهێزكردنە كە دەروونیش بەهێز بوو، لەشیش كەمتر ماندوو دەبێت، بە پێچەوانەشەوە هەر دەروونمان نەخۆش بوو لەشیشمان بەدوایدا نەخۆش دەكەوێت، وەرزشەكە بریتییە لە خاوبوونەوەى دەروونى واتە ماسوولكە خاوكردنەوە لەرێگەى ئەوەى كە بزانیت ماسولكەیەكت گرژە و بە ئاگایانە خاوى دەكەیتەوە، دووبارەكردنەوەى ئەم رێگەیە بەشێوەیەكى سیستماتیكى كاردانەوەیەكى یەكجار پۆزەتیڤى دەبێت لەسەر لەش و دەروون، بە ئاگابوون لە شێوەى هەناسەدان و چونە ناو ناخ و كۆئەندامەكانى ناو لەشى خۆتەوە دەتوانیت لەو رێگەیەوە باشتر خۆت بناسیت و بزانیت كە تۆ دەتوانیت كۆنترۆڵى خۆت بكەیت، فێربونى خاوبوونەوەى قووڵ و مێدیتاشون و خۆخەواندن لە گرینگترین رێگەكانى فێربونى راهێنانە دەروونییەكانن.

پرسیار: هەموو كەسێك دەتوانىَ ئەو وەرزشە بكات؟

وەڵام: هەموو یەكێك لە ئێمە رۆژانە بىَ ئاگا بەم كارە هەڵدەستێت، جا منداڵ بێت یان گەورە، پیر یان گەنج و ژن یان پیاو، نەخۆش یان ساخ، هە‌موو كەسێك خاوەنى بیركردنەوەیە لەگەڵ هەموو بیركردنەوەیەكدا كۆمەڵێك وێنە دێن.

پرسیار: كەسێك كە وەرزشی ئاسایی دەكات چ پێویستییەكی بەم وەرزشە دەروونییە هەیە؟
Waziri Daruny
وەڵام: بە بڕوای من ئەم وەرزشە لە وەرزشی جەستەیی گرینگترە، لەبەر ئەوەى یەكێك نەتوانێت وەرزش بكات، دەتوانێ پیاسە بكات و ئەوەش گرینگ و بەسوودە، یان كەسێك بە تەمەن بێت یان نەخۆش كە نەتوانێ وەرزش بكات، بەهۆى بیركردنەوەكانیەوە دەتوانێ ژیانێكى باش بۆخۆى دروست بكات، كە پڕى بێت لە بڕوا بەخۆ و دەروون و هێزى خۆی و خۆناسین و ئارامگرتن و تێگەیشتن و داهێنان كە ئەمانە دەتوانن وای لێبكەن سوود لە هەموو ساتێكى ژیان وەربگرێت و دڵخۆش و گەشبین بێت.

پرسیار: لەكام وڵاتدا زیاتر ئەم جۆرە وەرزشە دەكرێت؟

وەڵام: لە زۆربەى وڵاتاندا بە شێوەیەكى زانستى ئەم جۆرە یارییە دەكرێت، لەوانەش هندستان، چین، ژاپۆن، تایلەند، ئەمەریكا، كەندا، ئوسترالیا، سوێد، ئەڵمانیا و دانیمارك و زۆربەى وڵاتە پێشكەوتووەكانى دنیا گرینگى بەم راهێنانە دەدەن لە شێوەكانى مێدیتاشۆن و یۆگا و شگۆنگ و تایشى.

پرسیار: لە پلانتدا هەیە بوونی ئەو وەرزشە لە كوردستاندا فراوان بكەی؟

وەڵام: من ساڵانێكە هەوڵم داوە بۆئەوەی ئەو وەرزشە بە فراوانی بێتە ناو كوردستانەوە، خۆشبەختانە ئێستە لەرێگەى ماڵپەرە ئەلیكترۆنییەكانەوە توانیومە زانیارى باش بە خوێنەران بدەم، ئەوەش لە رێگەى ماڵپەرە تەندروستى و دەروونناسی وماڵپەرە جۆراو جۆرەكانى ترەوە.

پرسیار: بۆ خەڵكی كوردستان كە بە درێژاییی مێژوو رووداوی جۆراوجۆر و داگیركاری بینیوە و ئەو رووداوانە بێگومان كاریگەرییان لەسەر دەروونی كورد هەبووە، وەرزشی دەروونی تا چەند سوود بە كورد دەگەیەنێ؟

وەڵام: كورد كۆمەڵێك كێشە و جەنگى جۆراوجۆری بینیوە كە ئەم نەوەیەى ئێستەش هێشتا قوربانى بۆ دەدات، هەر بۆیە من زۆر بە گرینگى دەزانم بۆ ئەوەى باشتر بەخۆماندا بچینەوە و داهێنان بكەین و لەو كێشانە دور بكەوینەوە و وەك رابردوویەكى بە ئەزموون سەیرى بكەین و سوود لە هەڵەكانمان وەربگرین، پێویستمان بە هێوركردنەوەی دەروونى هەیە. لەبەرئەوەى پێشكەوتنەكان بەخێرایى تێدەپەڕن هەستیان پێناكەین و دەكەوینە هەڵەوە، هەر ئەمەش هۆكارى زۆربەى نەخۆشییەكانى دڵ و مێشك و هەناو و سك و پشت ئێشەن.
ئێمە دەبێت سەرلەنوىَ فێرى ئارامى و خۆشەویستى و نزیكبوونەوە لە خۆمان بین، ئەگەر نا ئەوا زیاتر لەگەڵ خۆمان و دەوروبەرماندا ناتەبا دەبین و هەستى هەڵچوون و كات بەفیڕۆدان لەناوماندا زیاتر دەبێت، كورد زیاتر گرینگى بە رواڵەت دەدات نەك ناوەوە.

(ئاكانیوز)

 
Send to a friend Print
 

More news from دیتن/دیمانە

 

ئاڵتان تان: ئەگەر كوردەكانى شارە گەورەكانى توركیا بە"بەڵىَ" دەنگ نەدەن بێگومان ریفراندۆم سەرناكەوىَ

تەواوى نوویس

02/09/2010 14:21

دیاربەكر 2 ئەیلوول/سێپتێمبەر (ئاكانیوز) – نووسەر و رۆژنامەنووسى كورد ئاڵتان تان پڕۆژە یاساى گۆڕینى دەستوور...

 
 
 

MORE NEWS