دیتن/دیمانە

هەندێ حزب و قەوارەى سیاسى گومانیان لەبێلایەنیى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان هەیە

08/02/2010 14:30
 



راپۆرتى: بامەندى كەریم.

هەولێر 8 شوبات/فێبرایەر (ئاكانیوز)- ژمارەیەك لە حزب و لایەنە سیاسییەكانى هەرێمى كوردستان و عێراق بەگومانەوە لە بێلایەنیى كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان دەڕوانن و نیگەرانیى خۆیان دەردەبڕن لە شیمانەى روودانى دەسكار لە هەڵبژاردنەكانى داهاتووى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە بەرژەوەندیى هەندێ قەوارە و لیستى تایبەت، بەرپرسانى كۆمسیۆنیش جەخت لە بێلایەنى و پیشەوەرییى دەزگەكە دەكەنەوە.
komision logoo
زانا رۆستایى بەرپرسى ناوەندى هەڵبژاردنى كۆمەڵى ئیسلامیى كوردستان بۆ ئاژانسى كوردستان بۆ دەنگوباس (ئاكانیوز) گوتى "كۆمسیۆن لە رابردوودا بێلایەن نەبووە لە هەڵبژاردنەكاندا، لە كاتى هەڵبژاردنەكانى هەرێمدا بنكەكانى دەنگدان كەوتبوونە ژێر كۆنترۆڵى حزبە باڵادەستەكان و بەرێنوێنیى ئەوان كاریان دەكرد و ئاسانكارییان دەكرد بۆ ئەنجامدانى دەسكار".

هەروەها گوتى "بۆ رێگرتن لە دووبارەبوونەوەى ئەو دۆخە، سىَ قەوارەى سیاسى كە برێتی بوون لە كۆمەڵى ئیسلامى و بزووتنەوەى گۆران و یەكگرتووى ئیسلامى دوو یاداشتنامەمان ئاراستەى كۆمسیۆن كردووە و داوامان كرد لە هەڵبژاردنى ئەم جارەدا بەرپرسى بنكەكانى دەنگدان پارێزەر و مافناس و فەرمانبەرى یاسایى بن نەك بەڕێوەبەرى قوتابخانەكان، ئەم تێبینییەشمان لەبەرچاو گیراوە" .

ئەوەشى گوت "كۆمسیۆن تێبینى و پێشنیازى لایەنەكان بەگرینگ وەردەگرێ، بەڵام بەداخەوە دەستەى كۆمسیۆن بەڕێكەوتنى سیاسى دانراوە، لەبەر ئەوە لە هەر شارێكدا كام بارستەى سیاسی دەسەڵاتدار بێ دەستەى كۆمسیۆن لەو حزبە پێك دێ".

رۆستایى داواى كرد دەستەى كۆمسیۆن چوار ساڵ جارێك گۆڕانكارى تێدا بكرێ، یاساى كۆمسیۆن هەموار بكرێ بەشێوەیەك كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان ببێتە دەزگەیەكى بێلایەن و پیشەیى.

هاوكات زوهێر خۆشناو ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە بارستەى یەكگرتووى ئیسلامیى كوردستان بڕواى وا بوو كۆمسیۆن دەتوانێ سەربەخۆ بێ، بەڵام لایەنە سیاسییەكان رێگەى پىَ نادەن.
zwher khoshnaw
خۆشناو پێی وا بوو سەرجەم ئەندامەكانى كۆمسیۆن وەك یەك نین، بەشێك لە بەرپرسانى ئەنجوومەنى كۆمسیۆن لەلایەن حزبە سیاسییەكانى عێراقەوە دەستنیشان كراون، بۆیە مۆركى حزبەكانیان پێوە دیارە و بەشێوەیەك لە شێوەكان كار بۆ بەرژەوەندیى ئەو حزبانە دەكەن، هەروەها رادەى سەربەخۆییی هەر بەرپرسێكى كۆمسیۆن پێوەندیشى بەكەسایەتیى ئەو كەسەوە هەیە كە چەندە پیشەیى كار دەكات، یان كار بۆ حزبەكەى دەكات.

خۆشناو گوتى "بەشێك لە ئەندامانى كۆمسیۆن حزبایەتییان پێوە بەدى دەكرێ، وەك یەكگرتووى ئیسلامى تێبینیى زۆرمان لەسەر كارى كۆمسیۆن و ئەندامانى كۆمسیۆن هەیە".

ئاماژەى بەوەیش دا كە هەندێ لایەن كار بۆ ئەوە دەكەن دەستەى كۆمسیۆن لە كەسانى سەربەخۆ پێك بێت و ئەندامانى كار بۆ هیچ بارستەیەكى سیاسى نەكەن.

لاى خۆیەوە قادر عەزیز سكرتێرى حزبى زەحمەتكێشانى كوردستان بۆ (ئاكانیوز) گوتى "كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لە كاتى هەڵبژاردنەكانى هەرێمدا كارى نایاسایى بەرامبەر بەحزبى زەحمەتكێشان ئەنجام داوە و چاوپۆشى لە پێشێلكارى كردووە، هەروەها شیمانە هەیە لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراقیشدا كۆمسیۆن نەتوانێ سەربەخۆ بێ".
Qadr Aziz
حەسەن ئەلسنێد پەرلەمانتارى هاوبەندیى نیشتمانیى عێراقی گوتى "پێویستە چوار ساڵ جارێك دەستەى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان گۆڕانكارى تێدا بكرێت بۆ ئەوەى رێ لە پێشێلكارى بگیرێ، چونكە ئەو دەستەیەى ئێستە كارى كۆمسیۆن بەڕێوە دەبەن جێگەى متمانەى گشت بارستە سیاسییەكانى عێراق نین".

هەروەها گوتی "ئەندامانى پەرلەمانى عێراق تێبینیى زۆریان لەسەر كارى كۆمسیۆن هەیە، بەتایبەت لە رووى بێلایەن نەبوونى كۆمسیۆنەوە لە هەڵبژاردنەكاندا، وەك لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاكانى عێراق و هەڵبژاردنى پەرلەمانى كوردستاندا رووى دا".

ئەوەیشى گوت كە بەرپرس و ئەندامانى دەستەى كۆمسیۆن بەرێكەوتنى سیاسى دیارى كراون بۆیە ناتوانن بێلایەنیى خۆیان لە هەڵبژاردنەكاندا بپارێزن.
Ahmed Anwar from Kurdistan Alliance
بەڵام ئەحمەد ئەنوەر ئەندامى لێژنەى یاسایى لە پەرلەمانى عێراق لەسەر لیستى هاوپەیمانیى كوردستان گوتى "كاتێك دەستەى كۆمسیۆن هاتە هەڵبژاردن بەو مەرجە متمانەیان پێ درا كە لە كاركردندا سەربەخۆ بن، بەكردەوەیش ئەنجوومەنى كۆمسیۆن سەربەخۆییى خۆى سەلماندووە، ئەوە بوو لە هەڵبژاردنەكەى ئەنجوومەنى پارێزگاكان و پەرلەمانى كوردستاندا بینیمان چەندان كارمەندى كۆمسیۆن بەهۆى سەرپێچیكردنەوە سزا دران، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێ كە كۆمسیۆن سەربەخۆ و لە چوارچێوەى یاسادا كار دەكات".

لە بەرامبەر ئەم رەخنانەى لیستە عێراقییەكانەوە لە سەربەخۆیى و بێلایەنیى كۆمسیۆن، سەردار عەبدولكەریم ئەندامى ئەنجوومەنى كۆمسیارانى كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان بۆ (ئاكانیوز) گوتى "كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان لەلایەن ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقەوە متمانەى پێ دراوە و بەیاسا كار دەكات، كارمەندانى كۆمسیۆن تەواو بێلایەنیى خۆیان سەلماندووە، پشتگیرى و لایەنگیریى هیچ لایەنێك ناكەن، هەر ئەندام یان كارمەندێك لە كاتى هەڵبژاردنەكاندا پشتگیریى لایەنێك یان دژایەتیى لایەنێكى تر بكات تووشى سزاى یاسایى دەبێت".

كۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەكان یەكەم جار بەپێى یاساى ژمارە 92 لە 31 ئایار/مایۆى 2004 دامەزراوە، لە ژێر چاودێریى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراقدایە و ئەركى ریكخستن و چاودێریكردنى هەموو هەڵبژاردن و راپرسییەكانى عێراقى لە ئەستۆدایە.

كۆمسیۆن سەرپەرشتیى هەموو ئەو هەڵبژاردن و راپرسییانەى كردووە كە لەدواى رووخانى رێژیمى لێخراوى سەدام حوسێنەوە لە نیسان/ئەبریلى 2003 لە عێراقدا، بەهەرێمى كوردستانیشەوە، ئەنجام دراون.
Sardar Abdul Karim
لەو هەڵبژاردنانەى كۆمسیۆن سەرپەرشتى كردوون، هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاكانى عێراق بەهەرێمى كوردستانیشەوە لە 31 كانوونى دووەم/یەنایەرى 2005، راپرسی لەسەر دەستوورى عێراق لە 15تشرینى یەكەم/ئۆكتۆبەرى 2005، هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق لە 15 كانوونى یەكەم/دێسێمبەرى 2005، هەڵبژاردنەكانى ئەنجوومەنى پارێزگاكانى عێراق لە 31 یەنایەرى 2009، هەڵبژاردنەكانى پەرلەمان و سەرۆكایەتیى هەرێمى كوردستان لە 25 تەمووز/یۆلیۆى 2009دا.

هەروەها سەرپەرشتیى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى خولى داهاتووى پەرلەمانى عێراقیش دەكات لە 7 ئادار/مارسی 2010دا.

فەرەج حەیدەرى سەرۆكى دەزگەكەیە، كۆمسیۆن لقى لە هەموو پارێزگاكانى عێراقدا هەیە، بە سێ پارێزگاكەى هەرێمیشەوە.

 
Send to a friend Print
 

More news from دیتن/دیمانە

 

سەڵاح محەمەد كۆیی: كارەكتەری "مام عەوڵا" بۆ گۆرانیی منداڵان خۆم دروستم كردووە

تەواوى نوویس

15/03/2010 00:22

دیمانە: وشیار ئەحمەد ئەسوەد.هەولێر 15 ئادار/مارس (ئاكانیوز)- ئاستی گۆرانی و موزیكی منداڵان لە ئێستەدا و...

 
 
 

MORE NEWS