دیتن/دیمانە
درۆكردن: ئەو رەوتارەی هەمووان رەتی دەكەنەوە و بەردەوامیشە
08/02/2010 14:19
راپۆرتی: هۆشەنگ حەمەئەمین.
هەولێر 8شوبات/فێبرایەر (ئاكانیوز)- زۆرینەی خەڵك درۆكردن بەرەوتارێكی نادروست و نابەجێ و ناپەسند دەزانن، بەڵام درۆش زۆر دەكرێت، زۆر كەس لەو بڕوایەدان كە هەلومەرجی ئابووری و كۆمەلإیەتی و ژینگەی ناتەندروست پاڵنەری سەرەكیی ئەم خووەیە، لێ پرسیاری سەرەكی ئەمەیە "بۆچی هەمووان درۆ رەت دەكەنەوە و كەچی رۆژانە ژیانمان پڕە لە درۆ؟".

لە كۆمەڵگە رۆهەڵاتییەكاندا باس لە دوو جۆر درۆ دەكرێت (سپی و رەش)، سپی ئەوەیە كە كەسێك درۆیەك لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی یاخۆ لەپێناو تێكنەچوونی پێوەندییەكی مرۆییی راستگۆ، یان هێشتنەوەی دۆخێكی گشتی كە زۆرینە لێی سوودمەند بن، لێ "درۆی رەش" لەخشتەبردنی كەس یان كەسانی بەرامبەرە، زیانگەیاندنە بەبەرژەوەندی گشتی لەپێناو بەرژەوەندیی تایبەتدا، لادانە لە نریتێكی پەسندكراوی گشتی.
لەنێو كۆمەڵگەی كوردیدا وەك زۆربەی كۆمەڵگە مرۆیییەكانی دنیا، درۆكردن كارێكی نابەحێیە و دابونەریتی گشتی رەتی دەكاتەوە و مرۆڤی درۆزنیش خودان پێگە و متمانە نییە، لانی كەم لەنێو خەڵك بەگشتی.
كارۆخ ئازاد /24ساڵ/ ساڵ قوتابیی زانكۆ گوتی "پێویستە لە هەموو كاتێكدا مرۆڤ رووی راستەقینەی خۆی پێشان بدات، هۆكاری سەرەكیی رۆژگارە وا لە مرۆڤ دەكات كە درۆ بكات، بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی".
هەروەها گوتی " ئەو كەسانەی كە لە گێڕانەوەی بابەتێك یان رووداوێك جۆرێك لە ناڕاستی لە قسەكردن و گفتوگۆكانیاندا دەردەكەوێت، متمانە دەدۆڕێنن، كەسی بەرامبەر لە داهاتوودا ئامادە نییە بەئاسانی بڕوای پێ بكات و بچێتە ژێر باری قسەكانیەوە".

"درۆكردن دیاردەیەكی قێزەونی كۆمەڵگەیە، كەسایەتیی مرۆڤ لەكەدار دەكات، ئەوانەی درۆیان لەگەڵ كردووم هیچ كاتێك وەك جاران ناكەونەوە بەر دڵم". ئەمە ئاری رەسول /25ساڵ/ گوتی.
ئاماژەی بەوەش دا "درۆكردن بۆ كات بەسەر بردن نییە، ئەوانەی درۆ دەكەن مەبەستێكیان هەیە لەو درۆیانەی كە رۆژانە لەگەڵ بەرامبەرەكانیان دەیكەن، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵكی درۆزن هەیە شانازی بەو رەوتارەی خۆیانەوە دەكەن".
شەهلا ئەحمەد فەرمانبەر /29ساڵ/ فەرمانبەر گوتی "پێ دەچێ درۆكردن لە كۆمەڵگەی ئێمەدا ئاسایی بێت، بۆیە رووی لە زیادكردنە، ئەمەش دەبێتە هۆی بێ متمانەیی لەنێو تاكەكانی كۆمەڵگەدا، لە رووی كۆمەلإیەتیشەوە زەوینە خۆشكردن رۆلێكی سەرەكیی دەبێت بۆ درۆكردن".
ئەو ژنە فەرمانبەر زیاتر گوتی پەروەردەی خێزانی هۆكاری سەرەكیی ئەو دیاردەیەیە، چونكە منداڵ كە فێری بوو لە گەورەبوونیشدا بەردەوام دەبێ.
لە كوردستان لە كتێبی قوتابخانەی بنەڕەتیدا چیڕۆكێك هەیە باس لە زیانەكانی درۆ دەكات، "شوانێكی گوند رۆژێكیان بەدرۆوە هاوار دەكات (فریام كەون گەلەگورگ لە مەڕەكانمی دا) خەڵكی گوند بەهانایەوە دەچن، دەبینن نە گورگ هاتووە و نەهیچ و شوانە درۆ دەكات، بگرە تەنیا بۆ ئەوەی بەخەڵكی گوند پێ بكەنێت ئەو درۆیەی كردووە".
چیڕۆكەكە درێژەی هەیە "رۆژێكی تر بەڕاستی گەلەگورگ لە مەڕەكانی دەدەن، شوانەكە چەندە هاتوهاوار دەكات، كەس بەدەنگیەوە ناچێت، چونكە پێشتر درۆی كردبوو"، كەم منداڵی كوردستان هەیە لە قوتابخانە ئەم چیڕۆكەی نەخوێندبێت، بەتایبەت پێش گۆڕینی سیستمی خوێندن.
لەسەر ئاستی دنیا بەكوردستانیشەوە رۆژی 1ی نیسان/ئەپریل بەرۆژی دنیاییی درۆ ناسراوە، لانی گەم لە هۆیەلی راگەیاندندا ئەم بۆنەیە رەنگە دەداتەوە، لە كوردستانیش لەو رۆژەدا هاوڕێیان و خەڵكانی نێزیك لە یەكتر تەشقەڵە بەیەكتر دەكەن، ناوبەناو هەندێ رۆژنامەكانیش لەو رۆژەدا هەواڵێكی درۆ بڵاو دەكەنەوە و رۆژی داهاتوو هەر خۆیان هەواڵەكە بەدرۆ دەخەنەوە.

بەپێی هەندێ سەرچاوەی ئەنتەرنێتی و مێژوویی، لە بنەڕەتدا ئەم بۆنەیە لە فرەنسا لە سەردەمی شا لویسی حەڤدەم دروست بووە، وەك باس دەكرێ كاتی خۆی سەری ساڵی دارایی لە رۆژی 1نیسان/ئەپریلدا بووە، شا لویس كردوویەتیە یەكەمین رۆژی كانوونی دووەم/یەنایەر و ئەو جەژنەی قەدەغە كردووە.
بەڵام كۆمەڵە كەسانێك لە رۆژی 1ی نیسان/ئەپریلدا بۆ ئەوەی پاسەوانانی شا نەیانناسنەوە جلوبەرگی زۆر تایبەت و دڕا و شڕوپڕیان لەبەر كردووە و ئاهەنگیان بەو بۆنەیەوە گێڕاوە، دواتر كە گیراون و رووبەڕووی لێپرسینەوە بوونەتەوە، بە شایان گوتووە "قوربان ئێمە بۆیە وامان كرد تا ئەو رۆژە سووك و ریسوا و بێ بەها بكەین"، ئیتر لەو رۆژەوە 1ی نیسان بووەتە رۆژی دنیاییی درۆ.
هەڵگورد ئیسماعیل فەرمانبەر /27 ساڵ/ گوتی "ئەوەی باوە لە كۆمەڵگەدا ئەوەیە كە هەموو كات درۆ شتێكی ناشیرینە، ئەگەر زیانی بۆ بەرامبەرەكەی نەبێت بێگومان زیانی بۆ خۆی دەبێت".
"ناتوانرێت چەمكی درۆ یەك پێناسەی دنیایییمان بۆی هەبێت، چونكە درۆكردن لە هەموو كۆمەڵگەكانی بوونی هەیە، بەڵام لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر جیاوازە"، ڤیان محەمەد توێژەری كۆمەلإیەتی گوتی.
هەروەها روونی كردەوە "توێژینەوەكان دەریان خستووە كە هۆكارەكانی درۆكردن لای مرۆڤ لە 3 خاڵی سەرەكیدا خۆی دەبینێتەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە مرۆڤ كاتێك هەڵەیەك دەكات، دەترسێ لەوەی كە دان بەهەڵەكەیدا بنێت، هۆكارێكی تر برێتییە لە هەست بەكەمكردنی خۆی كە لە ناو كۆمەڵگەدا بۆ سەرنجڕاكیشانی خۆی بۆ كۆمەڵگە پەنا دەبات بۆ درۆكردن".
ئەو توێژەر هۆكاری سێیەمی گەڕاندەوە بۆ ئەو ژینگە ناتەندروستەی كە تیایدا پەروەردە دەبێت و ئەوەشی خستە روو كە هەندێك كەس هاورێیەتیی ئەو كەسانە دەكەن كە لە سەرەتاوە وا گۆش كراون لە پێناو مەرامی تایبەتدا لەگەڵ بەرامبەرەكەیان درۆ بكەن، بەمەش ئەو كەسە وەك ئەوان خوو بەدرۆوە دەگرێت و زۆر جاریش تا كۆتای تەمەنی ئەو خەسڵەتە لێی جیا نابێتەوە.
عومەر حەسەن مامۆستای ئاینی لە مزگەوتی رەشاد موفتی لە شاری هەولێر گوتی"لە قورئان و فەرموودەكانیشدا هەڕەشە لە مرۆڤی درۆزن كراوە، (مونافیق) واتە دووڕوو ئەو كەسانەن كە بەڕوواڵەت خۆیان بەراستگۆ پێشان دەدەن، بەلإم لە ناوەوە وا نین".
ئاماژەی بەوەشدا وتی"لە وەتەی مرۆڤ هەبووە، درۆش هەبووە".
یوسف عوسمان پسپۆری دەروونی گوتی "دۆر برێتییە لە هەڵفریواندنی بەرامبەر، یان شاردنەوەی راستی لە بەرامبەرەكەت، درۆ لە رووی سایكۆلۆجیەوە واتە چەواشەكردنی ئەو راستییانەی كە پێمان دەگات، درۆ رەوتارێكی بۆماوەیی نییە، بگرە لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دەگۆڕێت، درۆ خەفەتێكی سایكۆلۆجییە".
ئەوەشی گوت كە "درۆ تاكە سیفەتێكە لەگەڵ كەسایەتیی ئەو تاكەدا دەمێنێتەوە، كاتێك مرۆڤ هەر سیفەتێكی هەبێت بە درێژایی تەمەنی دەگۆڕدرێت".
"درۆ بە دوو شێواز دەبێت یان ئەوەتە فێری دەبین، یان لاساییی دەكەینەوە، ئەو كاتەی لاساییی دەوروبەرەكان دەكەینەوە بۆ چێژ وەرگرتنە، بەلإم كاتێك درۆ فێری دەبین لە ترسی سزای كاركردنە یان خۆشاردنەوەیە لە كارە قورسەكان"، عوسمان گوتی.
ئەوەشی روون كردەوە كە "فێربوونی ئەو كەسە لە بیر ناچێتەوە، بەلإم لاساییكردنەوە رەنگە لەبیر بچێتەوە، چونكە لاسایی بەبێ ئاگایییە، بەلإم فێربوون بەئاگابوونەوە یان بەزانستێكەوە دەبێت، بۆیە درۆ لە میلەتێكەوە بۆ ملەتێكی تر دەگۆڕێت بەپێی خانەوادە و پەروەردەی كەسەكەش تێتە گۆڕین".
ئەو دەروونزانە پێیوایە درۆ جۆری زۆرە یان بۆ دەستكەوتی مادییە یان خۆ دزینەوەی لە كار یان خۆ هەڵكێشان لە ناو تاكەكان یان جەزاب كردنی خەڵكە.
گۆڕانی درۆ لە كۆمەڵگەیەكەوە بۆ كۆمەڵگەیەكی تر، مەبەست لێی گۆڕینی فۆڕم و ناوەڕۆك یان چەمكەكە خۆی نییە، بگرە ئاقیبەتی رەوتارەكەیە، بۆ نموونە لە هەندێ كۆمەڵگەدا درۆكردن تاوانێكی گەلێ گەورەیە رەنگە سزاكانی كۆمەڵگە بۆ كەسی درۆزن زۆر گەورەتر بن بەبەراورد لەگەڵ كۆمەڵگەیەكی تر، كە درۆزنان بەئاسانی تیایدا ئاشیان دەگەڕێ.
یوسف عوسمان ناولێنانی درۆ بە "رەش" یان "سپی"ی رەت كردەوە و گوتی درۆ تاكە سیفەتە لە هەموو بۆچوونەكان بەهەڵچوونێكی نەرێنی دادەنرێت لە رووی سایكۆلۆجییەوە، درۆ هەر درۆیە رەش و سپی و مەسڵەحەت نییە، وشەی درۆ رەنگی نییە هەمووی هەر رەشە.
(ئاكانیوز)
Email this Article from AK NEWS.com Close
More news from دیتن/دیمانە
|
|
بایەخی گەشتەوەری و فەرامۆشكردنی لە هەرێمی كوردستاندا |
تەواوى نوویس |
|
11/03/2010 17:59 |
||
راپۆرت: ئاراس ساڵح.هەولێر 11 ئادار/مارس (ئاكانیوز)- كوردستان سروشتێكی جوانی هەیە و زەمینەش بۆ پەرەپێدانی...
- لە هەولێر چوارەمین "فێستیڤاڵی ئادار" بەڕێوە دەچێت
- مۆنۆمێنتى هەڵەبجە.. پێشاندانی ڕووداوە كارەساتبارەكانی باژێڕێك
- پتر لە 100 تابلۆی محەمەد ئیسماعیل لە 10مین پێشانگەی تایبەتیدا لە ڕێگەی سكرینەوە پێشان دران
- لازارێف ماڵئاوایی لە ژیان كرد پاش نیو سەدە سەرقاڵبوون بەمێژووی كوردەوە
- پێش راگەیاندنى ئەنجامە بەراییەكان، كۆمسیۆنى باڵاى هەڵبژاردنەكان دەكەوێتە بەر رێژنەى هۆشدارى
- ئاهەنگی كوردەواریی بووك گواستنەوە لە دەهۆڵ و زوڕناوە تا دی جەی
- گەنجانی كوردستان: خۆجووداكردنەوە لە نەوەی پێشوو بە ستایلی نوێی قژبڕین
- كۆڕبەندی ئابووریناسانی كوردستان: شەڕى داهاتووى كورد لە بەغدا شەڕى سیاسى و ئابوورى دەبىَ
- كتێبی" لە هەیڤدا بۆ ڕووی تۆ و لە پەیڤدا بۆ خۆم دەگەڕێم"